ئەو پەیوەندییە وەڵام نەدراوانەی (نوکە) کە لەژمارەی دەرەوەی عێراق بۆتان دێت، دوای یەک بۆ دوو زەنگ زۆر بەخێڕایی دەبڕێت و زۆر بەکەمی زەنگەکە تەواو دەکات، وە کاتێک کۆدی ئەو پەویوەندییە لێدەدەیت کۆدی چەندین وڵاتی سەیرە وەک وڵاتە ئەفەریقیەکان یان وڵاتانی یەکێتی سۆڤێتی پێشوو، پاکستان و ھەندێجاریش ژمارەی ئەمەریکایە یان وڵاتانی دیکەش. ئەم گرفتە جیھانییەو تەنھا عێراق نییە، ئەو پەیوەندیانە تەزویرو دروستکراون و لەسەرەتای ساڵی (٢٠٠٠)ەوە لەیابانەوە گەشەی کردوەو دواتر بڵاوبویەوە، بەیابانی پێی دەوترێت “Wangiri” واتە “یەک زەنگ و بڕین ” یان پێی دەوترێت “یەک زەنگی دەسبڕ”.
ئەم کارە چۆن دەکرێت؟
ئەو کەسانەی ئەم کارە دەکەن ژمارەیەکی(IPRN) دەکڕن یان بەکرێ دەیگرن لەکۆمپانیایەکی تایبەتمەند بەو بوارەو و دواتر لەڕێگەی کۆمپیوتەرێکەوە بەشێوەیەکی ئۆتۆماتیکی و ھەڕەمەکی لەکاتژمێرێکدا بەزەنگێکی کورت(نوکە)یەک پەیوەندی بەھەزاران کەسەوە دەکات و بەخێراییش دەبڕێت، وە لای کەسەکان دەبێتە پەیوەندی وەڵام نەدراوەو کاتێک کەتۆ تەلەفۆنیان بۆ دەکەیتەوە لەبەرئەوەی ئۆتۆماتیکییە زۆر بەخێرایی ھەڵیدەگیرێت و کەسیش قسەناکات، وە تۆ ھەرچەند بەردەوام بیت لە قسە کەس جوابی نییە یان ھەندێ جار تەحویل دەکرێت بۆ ژمارە تەلەفۆنی شوێن یان کەسی دیکە یان بۆ ئەوەی زیاتر بمێنیتەوە لەسەر ھێڵ مۆسیقایەکی لەسەر دەدانێن بەکورتی دەیان تەکنیک بەکاردەھێنن بۆ ئەوەی زۆر لەسەر ھێڵ بمێنیتەوە.
ھەندێ جاریش لەرێگەی نامە یان ئیمەیڵ و واتس ئەپ و ڤایبەرەوە داوات لێدەکەن کەتەلەفۆن بۆ ئەو ژمارە بکەیتەوە چونکە تەکنیکی ساڵانی پێشوو ئەوەبوو سەرەتا نامەیان دەنارد دەیانووت کەسێکت لەبەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانەیەو پەیوەندیمان پێوبکە بەڵام لەگەڵ بڵاوبونەوەی تەلەفۆنە زیرەکەکان تەکنیکەکەیان بۆ ئەم شێوەیە گۆڕی.
بۆچی پارەت دەڕوات؟
دوای پەیوەندی کردنەوەت بەو ژمارەیەوە، یەکە(وەحدە)یەکی زۆرت لێ دەڕوات ھەتا زیاتر بمێنیتەوە زیاترت لێدەڕوات چونکە تۆ پارەی ئەو تەلەفۆنە دەدەیت کەدەیکەیت واتە پارەکەت لێنادزن بەڵکو حەقی پەیوەندیکردنەکەت دەبەن کە زۆر زیاترە لەپەیوەندی ئاسایی.
IPRN چییە؟
کورتکراوەی(international premium rate number) یەو خزمەتگوزاریەکی نێو دەوڵەتییەو بەزۆری لەکاری بازرگانیدا بەکاردێت، کاتێک ژمارەیەک لەم خزمەتگوزاریە وەردەگریت ھەر کەسێک پەیوەندی بەو ژمارەیەوە بکات (وەحدە)ی لێدەبات لەبری ئەو پەیوەندییە، کە ئەو پارەیە بەرسوماتی پەیوەندییەکە ناسراوەو بەبەراورد بەپەیوەندی ئاسایی زۆر گرانەو بۆ یەک دەقیقە لەنێوان ١ بۆ ٧ دۆلارە، حاڵەتی ٢٠ دۆلاریش ھەبووە(ئەم نرخە بەردەوام دەگۆڕێت) ھەندێجاریش بەپێی چرکە دەیبات کەئەمە دەکەوێتە سەر (IPRN)ەکە.
دواتر کەئەم کەسانەی بەمکارە ھەڵساون ئەو پارەیە وەک داھات و قازانج وەردەگرن، یان کۆمپانیای خاوەن خزمەتگوزاریەکە رێکدەکەوێت لەگەڵیان کە بۆ یەک دەقیقە پەیوەندی بڕێک پارە وەردەگرن لەکۆمپانیاکە ئەمەش بەپێی جۆری رێککەوتنەکەیە.
رۆژانە سەدان کەس لەجیھاندا دەکەونە بەردەم ئەم جۆرە دەسبڕینانە و بەھیچ شێوەیەکیش ناتوانیت پارەکەت وەربگریتەوە چونکە ئەو پارەی تۆ لەبری ئەو پەیوەندیەدا رۆشتوە ھەر وەک ھەر پەیوەندیەکی ئاسایی کەدەیکەیت وە ئەم خزمەتگوزارییە لەبنچینەدا ئاسایی و یاسایییە بەڵام ئەم کەسانە خراپ بەکاریدەھێنن.
ڕۆڵی کۆمپانیای خاوەن سیمکارت چییە؟
لەبەرئەوەی ئەم پەیوەندیانە نێودەوڵەتیەو لەنێوان چەند کۆمپانیایەکی تەلەفۆندایە قورسە کۆنترۆڵ بکرێن چونکە کشانەوەی وەحدە لەبەکارھێنەر لەکاتی پەیوەندیدا، یاسای تایبەتی ھەیە بۆ نمونە ئاژانسی Federal Trade Commission لەئەمەریکا بۆ پەیوەندی ناوخۆی دەتوانێت رازیبونی پەیوەندیکەر وەربگرێت بۆ بردنی باڵانس لەبری پەیوەندیەکە، بەڵام کەبوو بەنێودەوڵەتی ئەم ئاژانسە دەسەڵاتی یاسایی نامێنێت و پارەکە بەبێ پرس دەبات.
بەڵام دەکرێت کۆمپانیاکانی تەلەفۆن، ڕێنمایی بنێرن بۆ بەشداربوانیان، چونکە ئەمکارە لەجیھاندا قەدەغەیەو تائێستا دەیان کەس دەسگیرکراون و چەندین کۆمپانیای تەلەفۆن بەردەوام بەکارھێنەرانیان لەو ژمارانە ئاگاداردەکەنەوە بۆ نمونە ڤۆدافۆن کەلە ٢٦ وڵاتدا خزمەتگوزاری ھەیە و لە٥٠ وڵاتی دیکەش ھاوبەشی لەگەڵ کۆمپانیای دیکە ھەیە.
ئایا ئەمە ھاککردنە؟
ناتوانیت بەم کارە بڵێیت ھاک، چونکە ئەو کەسانە تەنھا ئۆفەرێک بەتۆ دەدەن کەتەلەفۆنیان بۆ بکەیتەوە کاتێک کەتۆ تەلەفۆن دەکەیتەوە لەبەرامبەر تەلەفۆن کردنەکەت پارە دەبەن، بۆیە ئەو کەسانە ناتوانن تۆ ھاک بکەن یان زانیاری بدزن، وە کۆمپانیای ڤۆدافۆن دەڵێت ئەو جۆرە پەیوەندیە زۆر زیادی کردوە بەڵام ئەوە ھاک نییە، بەڵام جاری واھەیە ئەو کەس و گروپەی لەپشت ئەمکارەوەن پێیانوایە کەسێک تەلەفۆن بۆ ژمارەی نەناسراو بکاتەوە دەشتوانرێت فێڵی دیکەشی لێبکرێت بۆیە جاری وا ھەیە خۆیانی لێدەکەنە کارمەندی بانکەکەیی و داوای حساب بانکی لێدەکەن و لەو ڕێگەیەوە پارەی دیکەشی دەبەن.
راستە ئەوان فێڵەکە دەکەن بەڵام ئێمە بریاری کۆتایی دەدەین فێڵەکەیان سەربگرێت یان نا!
چۆن خۆت بپارێزیت؟
١- ھیچ تەلەفۆنێک لەو جۆرانە ھەڵمەگرە چونکە کەتەلۆفنت کردەوە دەزانن کەسێک خاوەنی ئەو ژمارەیەو لای خۆیان ھەڵیدەگرن کەلەوەیە دواتر لەژمارەی جیاوازی ترەوە پەیوەندیت پێوە بکەن.
٢- ئەگەر دڵنیاییت کەتەلەفۆنت لەو شوێنانەوە بۆ دێت سەرەتا لەڕێگەی واتس ئەپ یان ڤایبەر دڵنیابەرەوە ئەو کەسەیە کەدەیناسیت و پاشانیش ئەو ژمارە لای خۆت خەزن بکە. یان لەگۆگڵ کۆدەکەی بنوسە پێت دەڵێت ھی چی وڵاتێکە یان تەواوی ژمارەکە بنوسە چونکە ھەندێ لەو ژمارانە بڵاوکراونەتەوە کەکاری لەوجۆرە دەکەن.
٣- کەتەلەفۆنی وەڵامنەدراوەت (نوکە) بۆ ھات لەوژمارانەوە بەھیچ شێوەیەک مەیکەرەوە بۆیان.
٤- بەکارھێنانی بەرنامەی TrueCaller یارمەتیت دەدات لەپێدانی زانیاری بۆ ئەوەی ئەو ژمارانە بناسیتەوە ھەروەھا ئەندرۆید لەڤێرشنی (٤.٤)ەوە ئەو سیستەمی ناسینەوەی ژمارەی تێدایەو زۆر بەباشی کاردەکات بۆ ناسینەوەی ژمارەی تەزویر.
٥-بلۆک کردنی ئەو ژمارانە.
بەشێک لەو کۆدانەی کەبۆ ئەو کارە بەکاردەھێنرێن
+٢٢١, +٢٢٢, +٢٢٣, +٢٢٤, +٢٢٥,
+٢٢٦, + ٢٢٧, +٢٢٨, +٢٥٧, +٢٦٥,
+٩٢, +٧, + ٢٣٤, + ٢١٦, +٣٧٥, +٩١,
+٢٠, +٢٣٥, +٣٨١, +٩٩٤, +٦٧٦, +٨٠٩,
٢٨٤, +٦٤٩, + ٨٧٦, +٣٧٢, +٩٢, +٤٧٣,
٢٤٢, +٢٤٦, +٢٦٤, +٢٦٨, +٢٨٤, +٣٤٥, +٤٤١,
٤٧٣, +٦٤٩, +٦٦٤, ٧٥٨, +٧٦٧, +٧٨٤, +٨٢٩,
٨٤٩, +٨٦٨, +٨٧٨, +٨٦٩.
0 comments:
Post a Comment